مێژوو ئاوا ناگێڕێتەوە
ڕۆژی ٢٠٢١/٣/١٣، کاک عمر سەید علی لەوتارێکدا لەسەر کۆمەڵێک تەوەر قسەی کرد، پێویستی بەم وەڵامە ھەیە.
-ھەوڵەکەی د. بورھان یاسین و تەوریسی سیاسی
یەک: دڵسۆزی و جدییەتی دکتۆر بورھان یاسین لەسەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و دەستلەکارکێشانەوەکەی و ھەوڵەکانی ئەم دواییەشی بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی ناو بزوتنەوەکە، جێگای دەستخۆشیە. تەوەرەیەکی گرنگی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی دکتۆر بورھان زۆر ڕون و ڕاشکاو باس لە بوونی کێشەی تەوریسی سیاسیی دەکات.
دو: لەھەوڵەکەشیان لەگەڵ کاک ئاکۆ وەھبی و کردنی واریسەکانی نەوشیروان مستەفا بە تەرەفی سێیەمی ململانێکان، بەڵگەی ئەوەیە ئەوانیش بەشێکن لە کێشە. بێگومان د. بورهان بانگهێشتی ئەوانی نەکردووە بۆئەوەی ببن بە حەکەم، بەڵکو بۆ ئەوە بووە کە ڕۆڵی حاکمێتیی ئەوان لەناو بزوتنەوەی گۆڕانی دوای باوکیان تاوتوێبکرێت.
(سەبارەت بەھەمان پرۆژە، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ کاک ئاکۆ لە ڕۆژی ٢٠٢٠/٩/٢دا، زیاد لە سێ سەعات گفتوگۆمان کردوە).
سێ: سەید عومەر پشتگیریی لە پرۆژەکەی د. بورھان دەکات، بەڵام لەوتارەکەیدا نەک هەر باس لەم خاڵە زەقەی هەوڵەکەی د. بورھان ناکات، بەڵکو ئەسڵەن کۆمپانیای وشە و واریسەکانی نەوشیروان مستەفا بە کێشە نابینێت. سەید عومەر ئەمجارە بێ پێچوپەنا دەچێتە سەنگەری بەرگرییەوە لە خاوەن کارەکانی و واریسەکانی نەوشیروان مستەفا و شەرعییەت بەو واقیعە سیاسییەی دوای مردنی ناوبراو دەدات و بیانوەکەشی ئەوەیە کە گوایە ئەم واقیعە دۆخێکی یاسایی دروستیکردووەو، ئەم هەموو موڵک و پارەیە کە بە سەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێرێت لەباوکیانەوە بۆیان ماوەتەوە، وەک ئەوەی تەوریسی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە دراوسێکەیانەوە بۆیان مابێتەوە! یان گەندەڵی و بەدکارییەکانی ئەم وڵاتە بەیاسایی نەکرابێتن!.
چوار: سەید داوای بەڵگە دەکات کە، کەی و چۆن کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا تەداخولیان کردوە لە کاری بزوتنەوەکەدا. بۆئەوەی هەم سەید و هەم خاوەن کارەکانی و هەم خوێنەران بەرچاوڕوونتر بن، هەوڵدەدەم دەستەبژێرێک لە میکانیزمی ئاراستەکردن و کۆنترۆڵکردن و دیسپلینکردنی بزوتنەوەکە لەلایەن کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا بخەمەڕوو:
یەک. چۆن و کێ بریاریدا (کەی ئێن ئێن) لەبزوتنەوەکە بسەنرێتەوەو بخرێتە سەر کۆمپانیای وشەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا؟
دو. زەحمەت نەبێ چۆن و بۆچی (چۆمان محمد) لەبری (چێنەر عمر) کرا بەڕێکخەری ژوری یاسایی؟ سەڕەڕای ئەوەی کاک چێنەر بە ئەزموونتر و بەتواناتر بوو، بەڵام ڕای وابو کە لەڕوی یاساییەوە نابێ کەی ئێن ئێن بخرێتەوە سەر کۆمپانیای وشە.
سێ. لە ڕۆژی ٢٠١٨/٩/٢٨ (واتە دو ڕۆژ پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان)، ئاواتی شێخ جەناب نامەی دەستلەکارکێشانەوەی داوە بەخانەی ڕاپەڕاندن. ئەوکەسەی شەوەکەی سەردانی کردو ئاشتی کردوەو بەڵێنی پێدا کە دوای ھەڵبژاردن گۆڕان دەچێتە حکومەتەوە و دەیکەن بە وەزیری دارایی، ڕێکخەری گشتی نەبوو، بەڵکو چیاو نما بوون.
چوار. لەمانگی ٧ی ٢٠١٨دا، خانەی ڕاپەڕاندن بڕیاری لادانی (ئاکۆ حەمەکەریم)ی دا لە پۆستی بەڕێوەبەری (کەی ئێن ئێن) و (مامۆستا جمال محمد) وەک سکرتێری جڤات، ڕاسپێراوە بڕیارەکە ڕابگەیەنێت بە ناوبراو، بەڵام کوڕی دوەمی نەوشیروان مستەفا لە لەندەنەوە تەلەفۆن دەکات و ڕێگری دەکات.
پێنج. "ھەڕەشەی تەمویلنەکردنی گۆڕان بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردن"، یەکێک بوە لەکارتەکانی دەستی خاوەنەکانی کۆمپانیای وشە. ئەم خاڵە دەرخەری ئەوەیە کە بزوتنەوەی گۆڕان بارمتەیەکی سیاسییە لەلای کۆمپانیای ناوبراو، ڕاگەیاندن و دارایی و بارەگا ھی کۆمپانیای وشەیەو ئۆتۆماتیکی خاوەنەکانی کۆمپانیا دەبنە خاوەن بڕیاری حەقیقیی، نەوەک سەید عومەر و دامەزراوەکانی تری بزوتنەوەکە.
شەش. کێ سەرۆکی لیستی یەکلاکردوە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؟
حەوت. بەفەرمی نەک بەواقیعی، کاک عومەر خودی خۆی سەرپەرشتی کەناڵی (کەی ئێن ئێن)ی دەکرد، کەناڵەکە ڕاپۆرتە ھەواڵێکی خراپی لەسەر کاک قادری حاجی عەلی بڵاوکردەوە. لەکۆبونەوەی جڤاتی ٢٠١٨/٣/١٢، عبدولرەزاق شەریف گلەیی کرد لەبڵاوبونەوەی ڕاپۆرتێکی لەو جۆرە، سەید عمر وتی: ئاگام لێ نیە. ئامادەش نەبوو نە داوای لێبوردن بکات نە موحاسابەی ئەوکەسانە بکات کە ئەو بەدکارییەیان کردوە. ( لەوتارەکەشیدا دەڵێ دەرگامان کراوەبوە بۆ رەخنەو دەنگی ناڕازی؟!).
هەشت. ئەم دەردی ئاگادارنەبوونە پەیوەندی بە پیرییەوە نییە کە یەکێکە لە دەرکەوتەکانی بەساڵاداچوون و گلەیی و ڕەخنەی باڵی ریفۆرمی ناویەکێتی کە سەید عومەر خۆی یەکێک لەوانە، ئەوە بوو کە مام جەلال پیربووە و دەبێت دەست لەکار بکێشێثەوە. من نامەوێت ئەم موفارەقە گەورەیە باسبکەم کە بۆچی سەید عومەر بەو پیرییە دەست لەکار ناکێشێتەوە، بەڵکو دەمەوێت باس لەوەبکەم کە سەید لەوەتەی پۆستی رێکخەری گشتیی وەرگرتووە ئاگای لە زۆر شت نەماوە. ئەم ئاگادار نەبوونە لە ڕاپۆرتە هەواڵەکەی سەر کاک قادرەوە دەستپێناکات، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ زۆر پێشتر. سەید عومەر لە چەندین دانیشتندا باسی ئەوەی کردووە کە ئاگاداری درێژکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی و ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێم نەبووە و بەبێ ئاگاداری ئەو ئەم کارانە کراون! سەیرە مرۆڤ رێکخەری گشتیی گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن بێت کەچی ئاگاداری ئەوە نەبێت دوو یاسای دژ بە پرنسیپی بزوتنەوەکە بە دزیی ئەوەوە تێپەڕێنرێن! کێ بڕوا بەم حیکایەتە دەکات، بێگومان وەک سەید عومەر یان دەردی ئەلزهایمەری هەیە یان گوتنی ناڕاستیی بە میتۆدی خۆگێلکردن.
نۆ. سەید عومەر ساڵانێکی زۆر هاوخەباتی شاخ و شار و دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی کاک ملازم عومەر و کاک قادر بووە. سەیر نییە مرۆڤ هێندە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی تێدا نەمابێت و بەدەم هاوڕێکانییەوە بۆختان بڵاوبکاتەوە. سەید عومەر ئاگاداری هەموو شتەکانە و ڕاست ناکات کە ئاگاداری نییە، بەهەمان شێوە ئاگاداری ئەو راستییەشە کە نەوشیروان مستەفا لە دانیشتنێکدا لەگەڵ کاک قادر و کاک ملازم عومەر باس لە چارەنووسی یاسایی گردەکە دەکاتو پێشنیار دەکات کە بکرێت بە پشک و لەنێوان خۆیاندا دابەشی بکەن. ئەوەی دژ بەم پێشنیارەی کاک نەوشیروان بووە، هەم کاک قادر و هەم کاک ملازم عومەر بووە. تەبریری ئەوان بۆ ڕەتکردنەوەی پێشنیاری بەپشکردنی موڵکییەتی گردەکە بریتیی بووە لەوەی کە خاوەن کوڕن و گەر ئەوان بمرن، موڵکەکە دەڕوات بۆ کوڕەکانیان و ئەمانیش ئەو کارە ناکەن. ئەوان بە پێچەوانەی سەید عومەرەوە، لە سەرەتای دامەزراندنی بزوتنەوەکەوە دژ بەو پرنسیپەی حوکمڕانێتیی بوون کە پێی دەوترێت تەوریسی سیاسیی. ئێستاش سەید عومەر دەڵێت لەگەڵ کاک نەوشیروان رێکنەکەوتبوون. ڕاستیی بەهایەکە بە پۆست و پارە ناکڕدرێت و بە پۆست و پارەش ناشاردرێتەوە.
دە. نکوڵیکردن لە کاریگەری کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا و ڕەتکردنەوەی ڕۆڵیان لەبڕیاری سیاسی بزوتنەوەکە جۆرێکە لە گەمژاندن یان بە گەمژە زانینی بەرامبەر، ئەوان نەک ڕۆڵیان هەیە بەڵکو لەبڕیارە گرنگەکاندا قسەی یەکلاکەرەوە دەکەن. ڕەنگە لەدابەشکردنی پۆستەکانی ناو حزب و حکومەتدا جۆڕێک لەهاوسەنگیان پیادەکردبێت لەگەڵ کوتلەی ڕێکخەری گشتی، بەڵام لە مەکۆیەکەوە تا دەگاتە خانەی ڕاپەڕاندن قسەیان هەیەو خەڵکی خۆیان هەیە، لەهەموی گرنگتر بڕیاری کۆتایی لای ئەوانە کە کێ ئەبێ بەڕێکخەری گۆڕان. ئەوان بەئاشکرا کۆبونەوە بە ئۆرگانە حزبییەکان دەکەن، لەگەڵ باڵیۆزو کۆنسوڵ و وەفدی حزبەکان کۆئەبنەوە، ڕاستە ناونیشانی سیاسیان نییە بەڵام ساحێب ماڵ و قاسەوانن، ڕونە هەرکەسێکیش خاوەنی ئەم دوانە بو قسەی کۆتایی لای ئەوە.
-ڕێزگرتن لەدامەرزاوەکان
یەک: شەوی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧/٩/٢٥، ھەتاوەکو یازدەی شەو جڤاتی نیشتمانی لەکۆبونەوەدا بوو، لەدوا دەرئەنجامدا بڕیاریدا کە دەنگدەرانی گۆڕان ئازادبکات بە بەڵێ یاخود نەخێر.
دو: کێ بو کۆبونەوەکەی بەجێ ھێشت و چووە ژورەکەی خۆی و سکرتێری جڤات وتی: بزوتنەوەکە خەریکە لەت دەبێ و ڕێکخەری گشتیی بەم بڕیارەی جڤات ڕازی نیە.
سێ: ھەمان شەو، کێ بو تاکڕەوانە دەستکاری بەیاننامەکەی گۆڕانی کرد و بەتەلەفۆن لەگەڵ شۆڕش حاجی، کە خۆم لەتەنیشتی بووم، ڕێکخەر وتی: ئەم جڤاتە وانابێ و دەبێ چارەسەری بکەین و بۆ سبەینێ و وەک تەحەداو بێ ڕێزگرتنی جڤات، لەسەر تەلەفیزێۆن وتی: دەنگمان بە بەڵێیە.
-بەشداریی لەحکومەت و ڕەخنەگرتن
یەک: کاک عومەر رەخنە لە گەندەڵی و خراپی حکومڕانی پارتی و یەکێتی دەگرێت، بەڵام بیری چوەتەوە دوساڵ و نیوە لە حکومەتن و لە ٢٠٠٩شەوە شەڕی چونە حکومەتی کردووە لەناو گۆڕان.
ا. ھەشت پۆستی گرنگی پەیوەست بەداھات و بازرگانی سنورەکان (ھەردو وەزیری بازرگانی-پیشەسازی و دارایی، ھەردو بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ و پەروێزخان، قایمقامەکانی پێنجوێن و دەربەندیخان و کەلارو بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا) لەلای بزوتنەوەی گۆڕانن.
ب. لەبری ھەڵای ئیعلامیی و خوتبەدان، بێزەحمەت لەڕێگای ئەم پۆستانەوە چیتان کردوە یاخود چی دەکەن بۆ ڕێگەگرتن لە کاری قاچاخی و نایاسایی ھەردو مەرزی باشماخ و پەروێزخان؟ ئەگەر دەسەڵاتیان نیە و ھیچ ناکرێ، بۆچی دەستلەکارناکێشنەوە؟ یان هیچ نەبێت مۆدێلێکی جیاوازترتان لە ئیدارەدانی پارتی و یەکێتی پێشکەشکردایە.
ج. لەبیریشتان نەچێت: بەپێی لێدوان و چاوپێکەوتنەکانیان بێت، وەزیرەکان و تیمی گۆڕان لە حکومەت و جێگری سەرۆکی ھەرێمەکەشیان، زۆر ڕازیی و ئاسودەن و ھیچ گلەییەکیان نیە لە سەرۆکی کابینەکە و جێگرەکەی و بگرە سەرسەختانەش بەرگری لەکارەکانی کابینەکە دەکەن.
د. ئەگەر حکومەت خراپە بۆ ناکشێنەوە؟ مانگی پێشو، لەدیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک خەڵکی ناڕازی کە داوای کشانەوەیان کردبوو لەحکومەت، لەوەڵامدا سەید وتوبووی: ئەوە ھێڵی سورە و قەد کاری واناکەین.
ح. قۆناغەکە گۆڕاوە و ئێوە بەشێکن لە حکومەت، ھاوکات سەردەمی دروشمبازی کۆتایی ھاتوە.
دو: کاتی خۆی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگدرا لەسەرلادانی (وشیار زێباری) لەسەر گەندەڵی، سەید نەیدەشاردەوە لەبەرئەوەی ناوبراو کوردە نابێ ئەندام پەرلەمانەکانی گۆڕان دەنگ لەسەر لادانی بدەن.
سێ: مانگی یازدەی ٢٠١٦، دەنگۆ و بەڵگەی تێوەگلانی (دەرباز محمد)ی وەزیری ئەوسای کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەگەندەڵی، بابەتێکی گەرمبوو بڕیاریشبو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بانگھێشتی بکات بۆ لێپرسینەوە. چەندکەسێک بەرگریمان لەوبیرۆکەیە کرد: ئامادەبونی وەزیرێکی گۆڕان لە بەردەم پەرلەمانتاران، کارێکی زۆر باشدەبێ. سەید عومەر زۆر دژی ئەم بیرۆکەیە بوو، دواتر لەکۆبونەوەیەکی تری جڤاتدا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨، سەید وتی: پارەی بۆ حیزب هێناوە!
-بەرگرییەک لە دوو کەسایەتیی
کاک قادری حاجی عەلی و کاک مولازم عومەر، لەساڵی ٢٠٠٠دا وازیان لە پۆست و ئیمتیازاتی یەکێتی ھێنا و یەکەمین کەسیشبون چونە پاڵ نەوشیروان مستەفا نەوەک داوای پارەیان لە جەلال تاڵەبانی کردبێت.
جەنابی سەید عومەر ئەوە تۆ بوویت تاوەکو دواساتەکان (مانگی ٥ی ٢٠٠٩) لە مەکتەب سیاسیی مایتەوە و بێئومێدبوویت لە موصاڵەحەی تاڵەبانی و نیازت بوو بیبینیت، بەڵام سەفەری بەغدادی کرد و ئامادەنەبوو بتبینێ. ئەگەر ئەو دیدارە ڕویدابا، ئەگەری زۆربوو جەنابتان ئێستە لەشوێنکی تربوونایە. تۆ بوویت وتوبوت: بێین بۆ لای نەوشیروان مستەفا دەبین بەچی و چ پۆستێکمان دەبێ نەوەک قادری حاجی عەلی و مولازم عومەر.
دەیان شاھیدیش زیندون لەبەرامبەر یارمەتییە ماددی و مەعنەوییەکانی ئەو دو کەسایەتییە بۆ میدیای ئەھلی و کۆمەڵگای مەدەنی و دەنگە ناڕازییەکان و دواتریش بۆ بزوتنەوەی گۆڕان. بەڵام لەو ماوەیەدا، بەڕێزتان لە مەڵبەندی سلێمانیی و مەکتەب سیاسیی سەرقاڵی پرۆسەی قبوڵ خاسی زانکۆ و قۆرخکردنی بازاڕبون لەڕێگای حیزبەوە. دواتریش بێ توانایی بەڕێزتان لە ئیدارەدانی کاری حیزبیی و سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان.
تۆمەتی (داواکردنی پارە لە تاڵەبانی)، وەفای بەڕێزتانە بۆ ئەو دوو کەسایەتییە دیار و کاریگەرە کە یەکێکیان وەک کەسایەتییەکی بەپرنسیپی ئۆپۆزیسۆن ژیا و مرد دوەمیشیان وەک کەسایەتییەکی پاک و وەک کەسێکی سەربەخۆ ژیانی شەخسیی خۆی دەژیی؟